باشووری کوردستان له وتووێژێکدا له گه‌ل به‌رێز عه‌بدولعه‌زیز مه‌ولوودی
باشووری کوردستان له وتووێژێکدا له گه‌ل به‌رێز عه‌بدولعه‌زیز مه‌ولوودی
سازدانی:تاهیر خالیدی
کوردیش پرسپکتیو: به‌رێز عه‌بدولعه‌زیز مه‌ولوودی ساڵی۱۹۶۵ی زایینی له شاری مه‌هاباد له‌دایک بۆه. ماستێری زانستهکانی ڕامیاری له زانستگای ته‌ربیه‌ت موده‌ڕیسی تاران وهگرتۆ و ڕاده‌ی ۱۵ ساڵه له زانکۆکانی ناوچه‌ی موکریان، وه‌ک مه‌هاباد وبۆکان ، وه له سه‌قزیش کاری زانستی کردووه. وه‌ک نووسه‌ر له زۆربه‌ی گۆڤاره‌کانی کوردستان(به تایبه‌ت سیروان، په‌یامی کوردستان، ڕاڤه، ڕۆژه‌ڤ، ڕوانگه و هتد) بابه‌ته‌کانی بڵاو بوونه‌وه، وه‌ک چاوه‌دێری سیاسیش به وتوویژ له‌سه‌ر مێدیاکان و سایته‌کان دا، بۆچوونه‌کانی له‌مه‌ڕ کێشه‌ی کورد و هتد خستۆته به‌ر باس و ڕخنه. ئێستا له بۆکان‌دا نیشته‌جێیه و به هۆی چالاکێکانی مه‌ده‌نی،له لایان ده‌زگای ئاسایشی ئێران مافی کارکردنی ئاسایی نییه.
به له‌به‌رچاوگرتنی گرینگی ناوه‌رۆکی بابه‌ته بڵاوکراوه‌کانی به‌رێز مه‌ولوودی به پێویستمان زانی له رێگای ئینته‌رنێته‌وه کۆمه‌ڵێک پرسیاری، له سه‌ر رووداوه‌کانی ناوچه و باشووری کوردستان، ئاراسته بکه‌ین.به‌خۆشحاڵییه‌وه به‌رێزیان جوابی پرسیاره‌کانی بۆ نوسینه‌ته‌وه. به سپاس له به‌رێزیان لێره‌دا سه‌رنجتان بۆ ئه‌و وتووێژه راده‌کێشین.
۱: به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که له میسر و تونیس هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می چه‌ند حیزبی و پارلیمان و… هه‌بوو،تایبه‌تمه‌ندییه‌کان و شێوازی ده‌سه‌ڵاتداری له میسر و تونیس چۆن بوو که که‌وته ژێر هێرشی قین و تووره‌یی نارازیان و هه‌رسی هێنا؟
ئه‌وه‌ی له میسر و تونیس ڕویدا پێکهاته‌یه‌کی له‌پرا نه‌بوو. دیاره له باری ڕه‌وشی ڕامیاری هه‌ردوو وڵات وه‌ک یه‌ک ده‌گه‌ڵ خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگای خۆیان جوڵاونه‌ته‌وه. داسه‌پاندنی حیزبی ده‌وڵه‌تی وه‌ک تاقه حیزبی مۆڵه‌ت دراو به دوای گه‌یشته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی، سه‌رکوتی حیزبه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و مۆڵهتنهدانیان بۆ چالاکی ئاسایی و یاسایی، گرتنی نه‌یاران و ڕخنه‌گرانی ده‌سه‌ڵات و هتد سیسته‌مێکی داخراوه‌ی ڕامیاری له‌و ولاتانه پێکهێنابو که ده‌یهه‌ویست بێ‌سنوور ده‌سه‌ڵات له‌و چۆارچێوهدا بێڵێته‌وه بێ گۆڕان و چاکسازی. ئه‌و سیسته‌مه هێندێک ئاسه‌واری لێکه‌وتۆته‌وه. گه‌نده‌ڵی ئابووری یه‌کێک له‌و ئاسه‌وارانه‌یه که ژیانی خه‌لکی تووشی قه‌یران کردووه و بوبه هۆی نه‌یاری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک.
دیاره له‌و نێوه‌شدا بۆ ڕواڵه‌تی سیسته‌م، هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می چه‌ند حیزبی و پارلیمان و… هه‌بوو، به‌ڵام بێ هیچ شۆێندانانی ڕاسته‌قینه. ئه‌و دیارده‌یه ماوه‌ی سی – چڵ ساڵی خۆراگرت و ئێستا تووشی هه‌ره‌سهێنان هاتۆ. هۆیه‌کانی ئه‌و هه‌ره‌سهێنانه ده‌توانین ئاوا بژمێرین: دیاره سه‌رشه‌قامی عه‌ره‌بی دۆای شه‌ڕه‌کانی عه‌ڕه‌ب- جووله‌که و هه‌ره‌سهێنانیان له به‌رامبه‌ر ئیسڕائیل جگه له کێشه‌ی فه‌له‌ستین، بێده‌نگ بۆ و ئاسه‌واری وه‌های لێ وه‌ده‌ر نه‌که‌وتۆته‌وه. ڕوداوه‌کانی وه‌ک هه‌ره‌س هێنانی ده‌وڵه‌تی سۆڤیه‌تی پێشوو، سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی وڵاتانی سه‌ر به سۆڤیه‌تی پێشوو ناسراو به شۆڕشی نه‌رم و هاوڕیشمی، سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی دۆای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری له ئێران له دوو ساڵی ڕابوردوو وه‌ک ڕچه‌یه‌کی نۆێ بۆ ده‌سه‌ڵات و دیمۆکڕاسیخۆازی له جیهاندا هاته به‌رباس. له لایه‌کی دیکه‌وه، له وڵاتانی عه‌ڕه‌بی به‌بێ له‌به‌ر جاوگرتنی هه‌مووی ئه‌و ئاڵوگۆرانه باسی ئه‌وه هاته ئاڕا که ده‌سه‌ڵاتداران بۆ دۆای خۆشیان ده‌یان هه‌ویست به‌بێ ڕاپڕسی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک، سیسته‌می کۆماری بگۆێزنه‌وه بۆ ئاستی نزمی پاشایه‌تی به ده‌سه‌ڵاتی بێسنووری یاسایی. هه‌رئه‌وه‌ش بوو که که به بڕوای من بوو به هۆی سه‌ره‌کی بۆ سه‌رهه‌ڵدانێکی نۆێی جه‌ماوه‌ری. دیاره کارتێکردی ئینتێرنیت و تۆڕه جه‌ماوه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تێکان له به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی داخوازێکانی سه‌رشه‌قام ده‌بێ به هێند بگیرترێ.
۲: چ هۆکار و ئیمکانات و ئاسانکاریه‌ک ده‌بینیت که ئه‌و شه‌پۆ له ناره‌زایه‌تیی په‌ره‌بستێنی، و چ کۆسپ و موشکلاتێک ده‌بینی بۆ به‌ربه‌ست پێ کردنیان؟
ئه‌وکات که "عه‌مر مووسا" له سیاسه‌توانانی کۆنه‌کاری عه‌ڕه‌ب رایگه‌یاند که ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی عه‌ڕه‌ب له‌به‌رامبه‌ر ئه‌زمونێکی دژواردان که ناتوانن به‌ری ڵافاوی ئه‌و ئه‌زموونه بگرن، به باشی ده‌ریخست که گۆڕانێکی به‌رفراوان خه‌ریکه له‌و وڵاتانه رووده‌دات. دیاره که ئه‌و جولانه‌وه جه‌ماوه‌رییه زۆر زوو په‌ره‌ی سه‌ند. ته‌نانه‌ت بۆ وڵاتێکی وه‌ک سوریا که له ده‌ره‌وه‌ی بازنه دا ڕاوه‌ستابوو وه زۆریش یارمه‌تی ده‌درا له لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ، توشی قه‌یران هاتۆ و هومێد ده‌کرێ به‌و زۆانه ڕه‌وشی ناله‌باری زاڵکراو له سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته ڵادرێ.
۳: ئه‌م بزوتنه‌وانه چ کاریگه‌ریه‌کیان له سه‌ر ره‌وتی ناره‌زایه‌تیه‌کانی وڵاتانی تر بووه و ده‌بێت؟
به بڕوای من کارتێکردی ئه‌رێنی و هانده‌ری هه‌یه له سه‌ر ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕه‌کانی ناوچه و ده‌ره‌وه.
۴: چ لێکچوون و جیاوازییه‌ک ده‌بینی له به‌ین ئه‌و وڵاتانه و هه‌رێمی کوردستان؟ ئایا پێتان وایه هۆکارێکی سه‌ره‌کی رووداوه‌کانی باشووری کوردستان،کاریگه‌ری ئه‌و بزوتنه‌وانه بن؟
من هه‌ریمی کوردستان وه‌ک دیارده‌یه‌کی جۆێ له جیهان نابینم. مه‌ترسی ده‌سه‌ڵاتی بێ‌سنوور کورد و ئه‌ویدی ناناسێ. ڕه‌نگه به له‌به‌رچاوگرتنی ساوایی ده‌وڵه‌تی هه‌ریمی کوردستان، ده‌تۆانین بڵێین ئه‌زموونی کوردستان هێشتا زۆر فرچکی به ده‌سه‌ڵاتی بێ‌سنوور نهبهستۆ و تا زوویه ده‌بێ پێشی بگیرترێ ده‌نا له داهاتوو دا رووبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتێکی چه‌قبه‌ستووی ئیستبدادی زۆرتر ده‌بین.
۵: لایه‌نێک پیلانی ده‌ره‌کی به هۆکاری ئه‌و رووداوانه‌ی باشووری کوردستان ده‌زانێت، ئایا ئه‌م تییورییه هه‌مان" تێۆری ته‌وته‌ئه"ی ده‌سه‌ڵاتداران نیه بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان؟ یان پێتان وایه که خه‌ته‌ری پیلانگێری ده‌ره‌وه زۆر جیدیه، ئه‌گه‌ر وایه ئه‌و ده‌سته ده‌ره‌کییه کێیه و چۆن ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل بکرێت؟
هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتانی ناوچه که تووشی کێشه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رشه‌قام هاتوون،هۆکاری ده‌ره‌کی و ده‌ستێوه‌ردانی بیانی له ڕوداوه‌کانی کوردستان له ئاڕادا ده‌بینن. دیاره ئه‌وه سوکایه‌تی کردن به شارومه‌ندان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکه. ده‌سه‌ڵات به گشتی بۆ ڕاگرتنی بارودۆخی ئێستای ده‌سه‌ڵات، ناتوانێ ڕاستێکان وه‌ک خۆی ببینێ و پاساو بۆ خۆی دێنێته‌وه. سه‌رشه‌قام به ڕۆژێک و دوو ڕۆژ ، یان به ویستی ده‌وڵه‌تێکی بیانی له خۆوه پێک نایه. هۆکاری نێوخۆیی و ده‌ره‌کی هه‌یه. هۆکاره دهرهکێکه ده‌توانێ ئاڵوگۆری بارودۆخی فیکری یان کولتووری ڕامیاری- کۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه یان له ئاستی جیهانی بێ. وه‌ک ڕه‌وتی دیمۆکڕاسیخۆازی و هتد.
۶: ده‌وترێت کاتێک هه‌ڵبژاردن ،سیسته‌می چه‌ند حیزبی و پارله‌مان هه‌یه، ده‌بێت هه‌موو داخوازه‌کان له رێگای ئه‌و موئهسهساتهوه چاره‌سه‌ر بکرێت و په‌نا بردن به شه‌قام چاره‌سه‌ر نیه، رای ئێوه چییه؟
سه‌رشه‌قام به‌شێکه له کولتووری دیموکڕاتیک که له ڕێگای حیزب و ڕێکخراوه‌کانی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه ده‌چێ. دیاره له کولتووری دیموکڕاتیکدا سه‌ر شه‌قام و ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ک یه‌ک له به‌رامبه‌ر یاسادا ڕاده‌وه‌ستن و بۆی نییه که لایه‌نێک له وانه خۆی سه‌تاسه‌د به ڕه‌وا بزانێ.
حیزبه‌کانی سه‌ره‌کی و ده‌سه‌ڵاتدار له هه‌ریمی کوردستان نه‌یانتۆانیوه یان نهیانویستۆ یاساکانی کولتووری دیموکڕاتیک ڕه‌چاو که‌ن. له‌و باره‌وه جێگای ڕخنهن.
۷: ئایا سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و پارله‌مان ته‌نیا فاکته‌ری شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵاتن ؟ ئایا میکانیزمه‌کانی هه‌ڵبژاردن ، به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات ، به‌رپرسیار نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات جێگای پرسیار نین؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆ له تونیس و میسر هه‌ڵبژاردن و سیسته‌می پارله‌مانی نه‌بوو؟
دیاره له په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک، یاساکانی دامه‌زراو له سه‌ر کولتووری دیمۆکراتیک و مافی مرۆڤ ده‌بێ سه‌روه‌ر بێ. ئه‌وه شه‌رعییه‌ت ده‌دا به میکانیزمه‌کانی هه‌ڵبژاردن و به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات. خۆی له خۆیدا هه‌ڵبژاردن و پارله‌مان فاکته‌ری شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات نین. ئه‌گه‌ر وا بۆایه، ده‌بوو هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رده‌می سه‌دام و حوسنی موباڕه‌ک شه‌رعییه‌تی بۆایه. به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵات له خاڵه گرینگه‌کانی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕنه. به بڕوای من نه‌ک هه‌رئه‌وانه، به‌ڵکو زۆر شتی تریش جێگای پرسیارن و ده‌سه‌ڵات ده‌بێ وڵامده‌ر بێ.
۸: به‌رپرسی قه‌یران له وڵات‌دا کێیه؟ خه‌لکی نارازی یان ده‌سه‌ڵات؟
دیاره ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار زۆرتر.
۹:به‌گشتی لێکدانه‌وه‌ی ئێوه له ره‌وتی رووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌ی باشووری کوردستان چییه؟
من پێموایه که چه‌ن گرفتی سه‌ره‌کی بۆ ڕوداوه‌کان ده‌توانێ له به‌ر چاو بێ. نه‌بوونی ستڕاتێژی نه‌ته‌وه‌یی،نه‌بوونی هێزی سه‌ربازی نه‌ته‌وه‌یی- هێزی پێشمه‌رگه حیزبی مایه‌وه و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌کانی ده‌کرد و به‌رده‌وام ده‌یکات-، دۆانهی کولتووری پارتی و یه‌کێه‌تی/ هه‌ولێر و سلێمانی- که ڕێگره له پێکهاتنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و حیزبه سه‌ره‌کێکان ده‌وریان زۆره له پێکهاتنی ئه‌و کولتووره، ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبی سه‌ره‌کی کوردستان له قۆناخێکدا به فیفتی-فیفتی و دۆاتر به یه‌که‌وه سه‌تا سه‌ت و به کارهێنانی به‌رپرسی ناپسپۆڕ وای له کوردستان و کولتووری ڕامیاری کرد که تۆانایی و هێزی ڕامیاری گرێدا به وه‌ده‌ست هێنانی داهات و تۆانایی ئابووری. ئه‌وه کێشه‌ی گه‌نده‌ڵی ساز دا که که‌س ئێستا حاشای لێ‌ناکات. داخراوه‌یی سیسته‌می ئیداری و به‌ڕێوه‌به‌ری داموده‌زگا حکومێکان هۆیه‌کی دیکه بوو که ڕێگای له لێکدانه‌وه‌ی زانستی و ڕخنه‌یی کرده‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه گرت.
هاوکات ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه، سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی ئهودۆاییانهی تونیس و میسر، کارتێکردی پۆزیتیوی له‌سه‌ر ڕای گشتی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر دانا. وا وێده‌چێ که له هه‌ریمی کوردستانیش ده‌نگی داوه‌ته‌وه. ڕخنه له حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌وه پێشیش هه‌ر بوو،دۆای ئه‌و ڕوداوانه سهرشهقامیشی لێکه‌وته‌وه. ڕه‌وتی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن ئه‌گه‌ر به شه‌وه‌یه‌کی گونجاو تۆانیبایهن ده‌وری خۆیان بگێڕن ڕه‌نگه ده‌رئه‌نجامی باشتری بۆایه.
۱۰: بۆ ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه رووی له پارتی دیمووکراته؟
له‌ڕاستیدا ڕووی له هه‌ر دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره به‌هۆی زاڵبوونی دۆانهی کولتووری پارتی و یه‌کێه‌تی/ هه‌ولێر و سلێمانی. به‌ڵان قه‌یرانه‌که له سلێمانی ده‌ستی پێکردۆ و پێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی له سلێمانی ته‌قه‌ی کردۆته سه‌ر خه‌ڵکی سه‌ر شه‌قام. پێچه‌وانه‌ی وه‌ش له هه‌ولێر ڕووی بدات ئه‌و قه‌یرانه ڕوبه‌ڕووی یه‌کێه‌تی له هه‌ولیر ده‌بێ. به‌داخه‌وه له دۆای پێکهاتنی ده‌رفه‌تی ڕه‌خساو له هه‌ریمی کوردستان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار نهیانویستۆ ئه‌و دۆانه کولتوورییه بۆ ئاستی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بگۆێزنه‌وه. که‌وابو هه‌رچه‌ن قه‌یرانه‌که ڕووی له پارتییه، به‌ڵان وه‌ک یه‌ک یهکێهتیش ده‌گرێته‌وه و قه‌یرانی شه‌رعییه‌تی بۆ پێک دێنێ.
11:ئێستا به ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکه‌وه هه‌موو باسی گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن و هه‌موو لایه‌ک ده‌ڵێن ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت؟ بهراێ ئێوه میکانیزمه‌کانی ئه‌و گهندهڵێه چیه و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟
دیاره کاتێک داهات و یارمهتێکان له نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی، درا به دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، مه‌ودا بۆ گه‌نده‌ڵی ڕه‌خسا. ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌و مانایه که خه‌ڵکێکی یه‌کگرتوو له سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی پێکهاتبێ و ئه‌وان شهعییهت بده‌ن به ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌کان نه‌ک دوو حیزب شه‌رعییه‌ت بده‌ن به خۆیان. له کاتی ڕکابه‌رایه‌تی پارتی و یه‌کێه‌تی، لاموایه مه‌ودایه‌کی زۆر بۆ گه‌نده‌ڵکاری فراوان کرا. له‌بیر ناچێ ئه‌و کات زۆر که‌س هه‌بوون که به هاتوچۆ کردن له نێوان پارتی و یه‌کێه‌تی، ده‌یانتۆانی خاوه‌ن زۆر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان بن. یه‌کێک له وانه به زمانی ساکار ده‌یکووت هه‌ر کام لهودۆانه زۆرترم بداتێ ده‌بمه "جاشی" ئه‌و. ئه‌وه به‌شێکه له گه‌نده‌ڵی، به‌شێکی دیکه‌ی کاتێک ساز بوو که پاره‌ی حیزبه‌کانی دیکه‌ش له ڕێگای دوو حیزبه سهرهکێکهوه دابه‌ش ده‌کرا. من ئه‌وه وه‌ک به‌دیلگیرانی حیزبه‌کانی دیکه چاو لێده‌که‌م. که دهبۆا بێده‌نگ بن و پاره‌که‌یان وه‌رگرن، ده‌نا تووشی گرفتی زۆر هاتبایه‌ن. که‌سایه‌تی حیزبیکانیش له ڕێگای په‌یوه‌ندی به حیزبه‌وه له سامانی زۆر ده‌یانتۆانی به‌شدار بن.
ده‌رچوون له‌و بارودۆخه نا ئاسایی و نایاساییه، پێویستی به لێک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دۆانهی کولتووری پارتی و یه‌کێه‌تی هه‌یه تاکوو سه‌رله نۆێ نهتهوایهتێکی دوور له حیزبایه‌تی تاریف بکرێ که له‌وێدا شارومه‌ندی کورد، وه‌ک کورد هه‌مو به‌رامبه‌ر بزاندرێ. مافی ته‌واوی چاره نووسی له چۆارچێوه‌ی سهلماندراو له ده‌وڵه‌تی هه‌ریم پێ ببه‌خشرێ، هێزی سه‌ربازی ناحیزبی پێک بێت و ده‌وڵه‌تی هه‌ریمیش به ته‌واوی له حاست خۆاستی گه‌لی کورد خۆ به به‌رپرس بزانێ. دۆایه کایه‌ی حیزبی بێته به‌رباس.
۱۲:باسی جیابوونه‌وه‌ی حیزب له حکومه‌ت ده‌کرێت، لایه‌نێکیش ده‌ڵێت که، له‌هه‌موو دونیا کاتێک حیزبێک یان چه‌ند حیزب هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه هه‌موو پۆسته‌کان ده‌بێته جێگای ئه‌وان و ئه‌مه دیارده‌یه‌کی ئاسایه و له کوردستانیش هه‌روایه، راێ ئێوه چییه؟
ئه‌وه به‌شێکی ڕاسته به‌ڵان ئاکامی ناڕاستی زۆری لێ گیراوه. دروست ئه‌وه‌یه که کاتێک حیزبێک یان چه‌ند حیزب هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه، زۆربه‌ی پۆسته‌کان ده‌بێته جێگای ئه‌وان نه‌ک هه‌مووی پۆسته‌کان. کولتووری دیمۆکڕاسی به له‌به‌رچاو گرتنی ڕای زۆرینه، ڕێزی زۆرتر بۆ که‌مینه ده‌پارێزێ. یانی نابێ زۆرینه مه‌ودای بۆ بڕه‌خسێ که که‌مینه بسڕێته‌وه.
به بڕوای من، پارتی و یه‌کیه‌تی کاتێک زانیان ئیدی به شێوه‌ی سوننه‌تی و باو ناتوانن ڕه‌وشی فیفتی-فیفتی ڕابگرن، به شێوه‌ێه‌کی کۆنهپارێزهرانه و کاتی پێکهاتوون تا به‌و شێوه‌یه هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار بن و حیزبه‌کانی دیکه ش، له نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتیان ئه‌گه‌ر هه‌موشیان یه‌ک بگرن ناتوانن زۆرینه بن له حاست هاوپه‌یمانی ئه‌و دۆانه.
۱۳:به‌رای ئێوه پارتی و یه‌کیه‌تی پێویستییان به چه‌ند ساڵی تر کات هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ندێک له دروشمه بنه‌ره‌تیه‌کان جێ به جێ که‌ن؟ له‌وانه ئاشکراکردنی هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی وڵات لای خه‌ڵک، تێکه‌ڵ کردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبی و سازکردنی هێزێکی چه‌کدار و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی که پارێزگاری له هه‌موو خه‌ڵکه‌وه بکات به حیزبی و غه‌یری حیزبییه‌وه ، مه‌ده‌نی کردنه‌وه‌ی حیزبه‌کان له حیزبی چه‌کداره‌وه، ئاماده‌بوون بۆ جێ‌گۆرکێی دیمووکراتانهی ده‌سه‌ڵات،و …؟
پێموایه مه‌ودایه‌کی زۆریان نێ. ڕاده‌ی ۲۰ سال ئه‌زمونێکی زۆر بوو بۆ سازدان و جێبه‌جێ کردنی به‌شێک له‌و دروشمانه. ته‌نانه‌ت ئه‌وان بۆ جێبه‌جێ کردنی دیالۆگی نیشتمانی نێوان خۆیان و حیزبه‌کانی دی و ڕوناکبیرانی سه‌ربه‌خۆی ناحیزبی،هیچ هه‌نگاویان نه‌ناوه‌ته‌وه. مێدیاکان که ده‌توانن شوێندانه‌ر بن له سه‌ر ڕای گشتی و شوێن وه‌رگرن له ڕای خه‌لک، ئێستاش حیزبین به زۆرینه و که‌مینه. مێدیای نیشتمانی نییه. پارتی هه‌ر قسه‌ی خۆی ده‌کات(مۆنۆلۆگ)، یه‌کییه‌تی هه‌ر قسه‌ی خۆی ده‌کات، گۆڕان هه‌ر قسه‌ی خۆی ده‌کات و هتد.هه‌موشیان هه‌ر ده‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆیان قسه ده‌که‌ن که ڕای ئه‌وان دووپات ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه دیارده‌یه‌کی ئهستبدادی زۆر زه‌قی حیزبییه به زۆرینه‌و که‌مینه‌وه.
۱۴: بۆچوونێک باسی ئه‌وه‌ده‌کات که زۆر پێش ئه‌وه‌ش کورد له 91که‌وه ببێته خاوه‌ن شێوازێک له‌ده‌سه‌ڵاتداری و به‌تایبه‌ت له‌کاتی ئێستادا و له هه‌موو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، ئیتر کاتی ئه‌وه به‌سه‌رچووه که، یه‌که‌م- حیزب یان ئه‌حزابی حاکم سه‌روه‌ت و سامانی وڵات قۆرخ بکه‌ن،دووهه‌م- چه‌کدار بن یان هێزی چه‌کدار و ئاسایش له ژێر فه‌رمانی ئه‌واندابێت، سێهه‌م- ده‌سگای دادوه‌ری و پارله‌مان و حکومه‌ت و میدیا له‌رێگای هه‌ڵبژاردنی کارتوونییهوه له ژێر کۆنترۆڵی ئه‌واندابێت، رای ئێوه چیه؟
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ک و داڕشتنێکی دوباره‌ی ده‌وێ. به بڕوای من ده‌وڵه‌تی هه‌ریمی کوردستان تووشی ژانی له دایک بوونی منداڵ هاتووه. ده‌بێ به هه‌ر ڕه‌نج و ژانێک بێ، ئه‌و زگه دانێ.یانی ڕه‌وشی دیموکڕاتیک ڕه‌چاو کات و جیایی له نێوان هێزه‌کانی په‌رڵه‌مان،ئیداره(حوکمات) وه دادوه‌ری بسه‌لمێندرێ.
۱۵: بێگوومان هه‌ندێک حیزب و لایه‌ن گرینگی ئه‌وتۆ بهههلوومهرج و خواستی کۆمه‌ڵگا ناده‌ن و هه‌موو ئیمکاناتی خۆیان به‌کاردێنن بۆ ئه‌وه‌ی سواری ئه‌سبی خه‌یاڵی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌رۆی خۆیان ببن، پرسیار ئه‌وه‌یه که خه‌لکی، چۆن ده‌توانن پێشگیری بکه‌ن له‌و بۆچوونه تاقیکراوه و ههرهسهێناوهی ئه‌و حیزبانه ؟
دیاره به هێزبوونی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی زۆر ده‌رفه‌ت فراوان ده‌کاته‌وه بۆ خه‌ڵک تاکوو ده‌سه‌ڵات کۆنتڕۆڵ بکه‌ن. مێدیای سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌وکاره پێویسته. له‌و وڵاتانه‌ی مهێدیای ناحکومی هه‌یه، کاربه‌ده‌ستانی حیزبی و نا حیزبی به‌ئه‌سپایی هه‌نگاو ده‌نێن. به‌تایبه‌ت ئیڕاده و خۆاستێکی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆ و بڕیارده‌ری ده‌وێ.
۱۶: باسی ئاڵترناتیو ده‌کرێت، هه‌ر دوولا کۆکن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت هه‌ڵبه‌ت هه‌رکام به مه‌رجی خؤیهوه، رای ئێوه چییه؟ ئایا له هه‌لوومه‌رجی ئه‌مرۆی باشووری کوردستاندا و له کاتێکدا هه‌موو سه‌رچاوه‌ی ماڵی و هێزی چه‌کدار و ده‌سه‌ڵاتی ئیدارای و یاسایی له ژێر کونترۆڵی ته‌واوی پارتی و یهکیهتیدایه، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت دیسان شه‌رعیه‌تدان به‌و ده‌سه‌ڵاته نیه؟
شێوازی گۆڕان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و پهڕڵهمانم بۆیه پێ نادرووسته. چون گه‌مه‌یه‌ک ده‌سپێده‌کات که هه‌ر له ئێستاوه دیاره دیسان ده‌دۆڕێ. ده‌بێ له وان بپرسرێ که کێشه‌یان ئه‌وه‌یه که ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتدار نین یان ئه‌وه‌یه که ڕه‌وشێکی لۆژیکتر بۆ هه‌ڵبژاردن ڕه‌چاو بکرێ که حیزبێک یان دۆان نه‌توانن هه‌ڵبژاردن بۆبه‌رژه‌وه‌ندی خۆیان تۆمار بکه‌ن. ئه‌وان وه‌ک که‌مینه له په‌ڕڵه‌مان چ ده‌ورێکیان گێڕاوه که داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پێشوه‌خت ده‌که‌ن. ئه‌ی ئه‌رکی که‌مینه بۆ له‌بیرکراوه. بۆیه دوباره بوونی هه‌ڵبژاردن زۆر ئاکامی ئێستا ناگۆڕی و ده‌بێته هۆی دۆڕانێکی دیکه بۆ ئۆپۆزیسیۆن.
۱۷:باسی هێنانه سه‌رکاری ده‌وڵه‌تی تێکنۆکرات ده‌کرێت، له هه‌مان کاتیش‌دا بۆچوونی واهه‌یه که ده‌ڵێت شتیوهها نابێت یان هیچی پێناکرێت و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک ده‌ڵێن خراپتریشه، رای ئێوه چییه؟
باری مانایی ئه‌و وسانه له فه‌رهه‌نگ و کولتووری دیموکڕاتیک دێنه دی. گرفتی منیش ئه‌وه‌یه که کولتوورێکی زۆر لاوازی دیموکڕاتیک ده‌بینم. ئه‌گه‌ر تێکنۆکرات به مانای غه‌یره حیزبی بێ، دیسانیش مه‌ودا ده‌درێ حیزبه‌کان به‌رپرسیاری کرده‌وه‌ی خۆیان نه‌بن.
۱۸:زۆر جار باسی گرینگی سازکردنی فه‌رهه‌نگی دیمووکراتیک ده‌کرێت، به نه‌زه‌ری ئێوه کێ به‌رپرسه بۆ پێکهێنانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه؟
هه‌موو به‌رپرسن.خه‌ڵک، کۆمه‌ڵگا،ڕۆشنبیران، زانستگاکان-نه زانستگای حکومی-،نوسه‌ران ،حیزبه‌کان ،مێدیاکان، حوکمات و هتد. دیاره له‌و نێوه‌دا حوکمات و داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕن بۆ فراوانکردن یان ڕێگری مه‌ودای په‌ره‌سه‌ندنی کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی دیموکڕاتیک.
۱۹: ئێوه وڵاتێکتان له هه‌موو دوونیا پێشکدێت که له‌وێدا، تاکێک یان بنه‌ماڵه‌یه‌ک یان گروپێک هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی قۆرخ کردبێت و هێزی چه‌کداری به ده‌ست بووبێت، به‌ڵام به پارانه‌وه یان به قسه‌ی خۆش و دۆستانه و به بێ زه‌خت و فشار وازی له سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵات هێنابێت؟
زۆر ڕوونه که نا، شتی وا هه‌ر ڕوونادا.
۲۰:به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه‌ی لای ئێوه گرینگن، رێگای چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه چییه؟
له‌به‌را، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هێزی پیشمه‌رگه‌ی حیزبی و پێکهاتنی یه‌ک سوپا بۆ هه‌موو کوردستان که فه‌رمانده‌ره‌که‌ی تابیعی ده‌وڵه‌ت بێ نه‌ک حیزبه‌کان به جیا. دوهه‌م له ئاستی ده‌وله‌تی هه‌ریم، دو حیزبه سه‌ره‌کێکه‌ی کوردستان هاوپه‌یمانیان نه‌مێنی و هه‌وڵبده‌ن به جیا له هه‌ڵبژاردن دابه‌زن و ڕکابه‌رایه‌تی ده‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ن. با مه‌ودا بۆ حیزبه‌کانی که‌مینه فه‌راهه‌م بێ تا له هه‌ر خولێکی هه‌ڵبژاردن ده‌گه‌ڵ پارتی یان یه‌کیه‌تی هاوپه‌یمانی بکه‌ن و ده‌وڵه‌تی هاوپه‌یمانی پێک بێنن. ئاوا ده‌وڵه‌تێکی دو حیزبی به شێوه‌ی په‌رڵمانی پێک دێت که پێموایه به‌رگری ده‌کات له سه‌ره‌ڕۆیی ده‌سه‌ڵات و سنووردار و وڵامده‌ری ده‌کات.
کورت بوونه‌وه‌ی ده‌ستی حیزبه‌کان له ئابووری کوردستان به‌شی دۆایی یان هاوکاتی ئاڵوگۆڕه‌کانی کوردستانه تاکو په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاری ده‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی ئابووری بپچڕێ.