له كۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ـه‌وه تا ماڵاوایی
– من پێموابوو ماناكه‌ی بمێنێ، چش له ئارمهكهمان. ئێستاش ئێمه دژی هه‌موو فهسادێكین.ئێوه له دامه‌زرانی "خه‌بات" لایه‌نی ئیسلامییهكهتان زۆر بۆ گرنگ بووه. باشه كه سازمانی خه‌بات داده‌مه‌زرێنن خۆ جه‌ریانی كاك ئه‌حمه‌دی موفتیزاده و مه‌كته‌بی قۆرئان هه‌بوو، بۆ نه‌بوون به یه‌ك؟ ئێوه ئه‌وتان قبووڵ نه‌بوو؟ یان پێتان وا بوو ئه‌وان لایه‌نی توندڕه‌وی ئیسلام بوون؟
– ناسری عه‌لیار نووسیویه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له بوغده‌كه‌ندی بووه. مامۆستا مه‌لا عه‌لی ڕه‌ببانی هه‌بوو. مامۆستا مه‌لا عه‌لی له‌و بوغدهكهنییه ده‌عوه‌تێكی مامۆستا شێخ عیزه‌دین و كاك ئه‌حمه‌دی كرد كه منیش له‌وێ بووم. زۆر خه‌ریك بوو یه‌كیان بخا یه‌ك نه‌كه‌وتن.
بۆ یه‌ك نه‌كه‌وتن؟
– مامۆستا شێخ عیزه‌دین لای چه‌په‌كانی گرتبوو، موفتیزاده‌ش لای سه‌له‌فی و ئیسلامیی توندی گرتبوو. دیاره یه‌ك ناكه‌ون. جا كاك ناسر نووسیبووی هه‌رچه‌ندی كاك ئه‌حمه‌د هه‌وڵی دا شێخ عیزه‌دینی حوسێنی و جه‌لالی حوسێنی له چه‌پ دوور بخاته‌وه، بۆی نه‌كرا. وتم كاك ناسر زۆر ئیشتباهی كردووه. ئیحترامم بۆی هه‌یه، باوكی و دایكیشی ده‌ناسم. ئه‌من نه له‌گه‌ل مامۆستا شێخ عیزه‌دین بووم، نه له‌گه‌ل موفتیزاده. نه به لای چه‌پدا بووم و چه‌پپه‌ره‌ستیم كردووه، نه له‌گه‌ڵ موفتیزاده‌ش بووم تا باوه‌ڕم به شیعه هه‌بێ. جا موفتیزاده موباریزهكهی بۆ ئیسلام بوو. ئه‌من موباریزهكهم بۆ كورد بوو. ده‌مگوت نابێ له‌سه‌ر ڕێگایه‌ك بین كه دژی باوه‌ڕی میلله‌ته‌كه‌م بێ. جا بۆیه سازمانی نه‌ته‌ه‌یی و ئیسلامی خه‌باتم دامه‌زراند. نه‌ته‌وه‌ییه‌كه پێش خراوه و دواتر ئیسلامه‌كه. ئه‌مما وه‌ك حیزبی دێموكرات یان وه‌ك كۆمه‌ڵه له‌سه‌ر خه‌تێكی دژی ئیسلام نابم. له‌سه‌ر باوه‌ڕی ئه‌و جه‌ماوه‌ره ده‌بم. بۆیه من له‌سه‌ر مامۆستا شێخ عیزه‌دین بووم نه له‌گه‌ڵ موفتیزاده. ئه‌و كاته له ده‌فته‌ری مامۆستا بووم مامۆستا ڕێبه‌ر بوو، برای گه‌وره‌شم بوو، خۆ نه‌ده‌كرا ئه‌وه‌ڵ كه‌س كه لێی هه‌ڵبڕێ ئه‌من بم. نه‌ده‌كرا!
واته تۆ به‌رنامه‌ی مامۆستات قبووڵ نه‌بوو؟
– نه‌وه‌ڵڵا!! خۆ كۆمه‌ڵه گوتبوویان هه‌رچی ده‌كه‌ین ناتوانین فڵان كه‌س به‌لای خۆماندا ڕاكێشین. له‌و ماوه‌یه‌دا محه‌ممه‌دی شافیعی لێره بوو كه له‌گه‌ل مه‌لا عومه‌ر هاتبوون. پێم گوتن كه من نه چه‌پ بووم نه باوه‌ڕیشم به حكومه‌تی شیعه بوو. من خه‌تێكی جیاواز بووم. من موسڵمانێكی سووننی پڕ ئیحتیا‌ت له باره‌ی دینمهوه بووم. له‌و حاڵه‌شدا موباریزهكهم بۆ كوردایه‌تی بوو. وه‌گه‌ر نا كاكی خوم، من له شاره‌كه‌ی خۆم بوایه‌م زۆرتر خزمه‌تم به دین ده‌كرد. له شاخی چۆن خزمه‌ت به ئیسلام ده‌كه‌ی؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، گوناهه موسڵمانان كوردایه‌تی بكه‌ن؟!
باشه مامۆستا، كێشه‌ی كوردی ئێران له‌و سه‌رده‌مه‌دا خۆ كێشه‌یه‌كی ئیسلامی نه‌بوو هه‌تا حیزبێكی ئیسلامی پێكبێ، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بوو. بۆیه چ پێویست به بوونی حیزبێكی ئیسلامی هه‌بوو؟
– من چت بۆ ده‌ڵێم ئاخر موسڵمانی خوا؟! ئه‌گه‌ر جمهوری ئیسلامی‌یش نه‌بوایه ئێستاش هه‌ر ده‌بوو له سازمانێكی ئیسلامی موباریزه‌م بكردایه بۆ ئه‌و میلله‌ته موسڵمانه. كۆمه‌ڵه و دێموكرات ده‌چوونه دیهات جنێویان به دینی خه‌ڵك ده‌دا. عه‌كسی كه‌ریان له قۆرئان كێشاوه. خه‌ڵك چۆن دوای ئه‌وانه ده‌كه‌وێ؟. چۆن ده‌بێ ڕێبه‌ری سیاسی فاسیله بگرێ له میله‌ته‌كه‌ی؟ نه‌ك هه‌ر فاسیلهكه به‌ڵكو دژی باوه‌ڕی میله‌ته‌كه بێت؟
به‌ڵام له‌بیرت نه‌چێ ئه‌و حیزبانه‌ش جه‌ماوه‌ریان هه‌بوو!
– نه‌وه‌ڵڵا1 به‌قه‌د موسڵمانان نه‌یانبوو…، هیچ كاتێك!
به‌ڵام ته‌ئسیرگوزار بوون؟
– من ناڵێم بێ ته‌یف بوون. به‌ڵام له عه‌ینی حاڵ‌دا ئه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ حیزبی دێموكراتیشدا بوون و پێیانوا بووه قازی محه‌ممه‌د دامه‌زرێنه‌ری حیزب بووه كه قازی محه‌ممه‌د بۆخۆی بێزار بووه له حیزبی دێموكرات. قازی پیاوێكی موئمن بووه به موقه‌دیساتی دین. موتالای كتیبی دینی زۆر كردووه.
مامۆستا، به ڕای تۆ كاك ئه‌حمه‌دی موفتیزاده داوای چی ده‌كرد؟
– وه‌ك گوتم، كاك ئه‌حمه‌د زۆر زۆر عالم بوو. له علوومی ئیسلامی شاره‌زا بوو. ئیسلامناسێكی باش بوو. زانیاریی ئه‌مڕۆیشی زۆر بوو. به‌قه‌د دوكتۆرایهكی له علوومی تازه، له فه‌رهه‌نگی تازه ئاگاداری هه‌بوو. پیاوێكی زۆر زۆر زاهید و قانیع بوو. ده‌ربه‌ستی ماڵی دنیا نه‌بوو. پیاوێكی زۆر ئازا و نه‌ترس بوو، به‌ڵام مه‌غرور بوو. به‌داخه‌وه.
چۆن مه‌غرور بوو؟
– له‌خۆڕازی بوو. هه‌ر كه‌س له‌خۆرازی بێ، خراپه. كاك ئه‌حمه‌د هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو باوه‌ڕی به مه‌لا شیعه‌كان كردبوو. ئه‌من دهستهشیعرێكم هه‌بوو كه له ئاخردا نووسیبووم:
له‌ولاش بڵێی به‌هه‌شتێك نه‌بینین خوداپه‌رست
بۆ شیعه بێ به سینه‌زه‌نی و نوێژی بێ وزوو.
كاك ئه‌حمه‌د پێی گۆڕیم. گوتی نابێ ئێمه مه‌سه‌له‌ی شیعه و سووننی بێنینهكارهوه. گوتی ده‌بێ ئێمه ئیتحادمان هه‌بێ. ئیتر گۆڕیم، ئاوام لێ‌كرد:
بیده‌ن به گۆڕپه‌رستی گرینۆكی بێ وزو.
كاك ئه‌حمه‌د زۆری باوه‌ڕ پێیان هه‌بوو. وه‌ك عه‌رزم كردی، ئه‌رته‌ش ده‌ستیكرد به‌و خرابكاریه له شاری بانه. كاك ئه‌حمه‌د هات له‌گه‌ڵ پۆلێك سنه‌یی كه له كوێستانی كه‌لی خان‌یش نه‌فه‌رێكیان له‌سه‌رما مرد، هات له مزگه‌وتی جامیعه‌ی بانه گوتی خودموختاری ها له گیرفانمه. ده‌ستی بۆ گیرفانی برد. ئه‌مه قسه‌ی بوو. منیش كه هه‌ستمام، زۆر به ئیحترامه‌وه ڕه‌دی قسه‌كانم كرده‌ووه. كاك كه‌ماڵی كه‌ریمی كه ئێستا نوێنه‌ری حیزبه له هه‌ولێر، له‌وێ بوو. كاك ئه‌حمه‌د زۆر باوه‌ڕی پێیان هه‌بوو. سه‌عدی ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر گاوه‌ر سه‌د ساڵ ئاور بپه‌ره‌ستێ هه‌ر تێیكه‌وت ده‌سووتێ. ئاخوند وایه. كاك ئه‌حمه‌د زۆری پشتیوانی لێ‌كردن. كاك ئه‌حمه‌د فه‌زیله‌تێكی زیاد له ئه‌حزابی تر بوو. له‌چاو كیانووری و ئیحسان ته‌به‌ری و كێ و كێ كه تۆبه‌نامه‌یان نووسی لای نه‌دا له قسه‌ی خۆی. قاتیع وه‌ستا له به‌رانبه‌ریان و زۆر قاره‌مانانه‌ش وه‌ستا. گه‌وره‌ترین ته‌وهینی به دادستانهكان ده‌كرد و ئه‌وانی مه‌حكه‌مه ده‌كرد.
هه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه باوه‌ڕی به حكومه‌ت هێنابوو یان به‌رنامه‌كه‌ی هه‌ڵه بوو؟
– به‌ڵێ. به‌رنامه‌ی هه‌ڵه نه‌بوو. باوه‌ڕی به كوردایهتییش هه‌بوو. زۆریش باوه‌ڕی به ئیسلام هه‌بوو.
مامۆستا تۆ بۆخوت دامه‌زرێنی سازمانی خه‌باتی؟
– یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی بووم.
ئه‌وانی تر كێ بوون؟
– مه‌لا خدر بوو…
باشه مه‌لا خدر بۆ جیا بۆوه له تۆ؟
– وه‌ڵڵا جا ئه‌وه پرسیارێكه و زۆر كه‌سیش لێك جیا ده‌بنه‌وه.
پێمخۆشه له خۆتی ببیستم؟
– وه‌ڵڵا جا ئه‌من پێموایه ڕه‌نگه من موخلیس تر بووبم بۆ كورد و كوردایه‌تی. نموونه‌ی چاكی ئه‌وه بووه كه هیچ مه‌فره‌زه‌یه‌كی سازمانی خه‌بات نه‌بووه كه حه‌زم نه‌كردبێ كوڕه‌كانی خۆم له‌پێشه‌وه نه‌بن، نه‌مگێڕاونه‌وه. وه‌ختی وا هه‌بووه هه‌ر سێ كوڕه گه‌وره‌كانم له جه‌بهه‌دا بوون. زۆریش قاره‌مانانه كاریان كردووه و هیچ كاتێكیش ده‌ستم پێوه نه‌گرتوون. ئه‌مما مامۆستا مه‌لا خدر یه‌ك كوڕی نه‌ده‌نارد. له ته‌نگانه‌شدا نه‌یده‌هێشت. من هه‌ر چی ماڵ و موڵكم هه‌بووه فه‌وتاوه. ئه‌و هیچی نه‌فه‌وتاوه له ڕێی شۆڕشدا. حه‌تتا حهیوانهكانیشی و ته‌نانه‌ت عه‌رزێكی هه‌بوو له ڕه‌به‌ت ئه‌ویشیان بۆ فرۆشت و پاره‌كه‌ی ده‌ستكه‌وته‌وه. چه‌ندم زه‌وی هه‌بوو داگیركراوه. دوو خانوویشم هه‌بوون یه‌كیان سووتاند، ئه‌وی تریشیان وێران كرد. نیزیك به بیست هه‌زار میتر زه‌ویم له نزیك بلوار و له خیابانه‌كانی بانه هه‌بوو. هه‌مووم به‌جێهێشت و به نه‌بوونم داناوه. ئه‌ولاده جگهرگوشهكانی خۆیشم لێ نه‌گێڕاونه‌ته‌وه له شه‌ڕ. ئه‌و بابا شێخه (بابا شێخ كه كوڕی شێخ جه‌لاله ئێستا سكرتێری سازمانی خه‌باته) ببینی هیچ جێگایه‌كی ساغی نه‌ماوه. هه‌موو له‌شی برینداره. به‌ڵام نه‌مگێڕاونه‌وه له شه‌ڕ و پێم خه‌جاڵه‌تی بووه كوڕی خه‌ڵكی شه‌ڕ بكا و كوڕی من شه‌ڕ نه‌كا. ئه‌زانم بۆخۆم كه موخلیس تر بووم. ماڵ و منداڵیشم هه‌میشه ئاشپه‌زی پێشمه‌رگه بوون.
مامۆستا، ئێستا تۆ له سازمانی خه‌باتدا چی ده‌كه‌ی؟ ئه‌وه ڕێبه‌ری سازمان گۆڕاوه و كوڕه‌كه‌ت سكرتێره. ئێستا كاری تۆ چییه؟
– ئه‌من ئه‌گه‌ر پرسم پێ بكه‌ن له باری ئه‌ده‌بییه‌وه هاوكاریان ده‌كه‌م.
ئێستا تۆ له ڕێبه‌ریی خه‌باتدا ماوی؟
– به‌ڵێ ماوم. زۆرم هاوار كرد كه نایكه‌م. به‌ڵام لێمیان قبووڵ نه‌كرد. ئه‌من ئێستا مه‌سئولی ته‌بلیغات و ئینتشاراتم.
مامۆستا، ده‌ڵێن زۆر شاره‌زای زمانی كوردیت و شیعری باشت له‌به‌رن؟
– شیعری باشم زۆر له‌به‌رن و زۆر له كوردینووسینی كوردستانی عێراقیش ناڕازیم.
تا ئێستا كتێبت نووسیوه؟
– نه‌وه‌ڵڵا به‌ڵام كتێبێكم له‌سه‌ر شیعه ته‌رجومه كردووه. دیاره وتارم زۆر هه‌ن بۆ ڕادیۆی خه‌بات و ئێستاش حه‌وسه‌ڵه‌م نه‌ماوه. كاكه، 78 ساڵ ته‌مه‌نمه!
مامۆستا، تۆ كه ته‌مه‌نێكی پڕ له تێكۆشانت هه‌یه، ئێستا له ته‌مه‌نی 78 ساڵییه‌وه كه ئاوڕ له ڕابردووی خۆت ده‌ده‌یته‌وه هه‌ست به چی ده‌كه‌ی؟
– ناڵێم نائومێدم، به‌ڵام هه‌ست به مه‌حرومی خۆم ده‌كه‌م. ئه‌وه عومرهكهم هاته ئاخری و ڕێژیمهكه نه‌ڕووخا. كاكه من زه‌مانی شا چه‌ند ساڵ ناسنامه‌م بۆ منداڵه‌كان وه‌رنه‌گرت، ده‌مگوت ئه‌م ڕێژیمه ده‌ڕووخێ. ئه‌و ڕووخا و ئه‌م به‌ڵایه‌مان تووش بوو و ئه‌وه عومرم ته‌واو بوو. هه‌ر چیم هه‌بووه له‌ده‌ستم دا جگه له شه‌ره‌فم نه‌بێ. گوێت لێیه؟! ئێستا ده‌بینم له به‌رانبه‌ر ئه‌مریكا ڕاوه‌ستاوه. ئه‌مریكا پێی ناوێرێ! من ئومێدم وایه كورد هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێ، به‌ڵام بۆخۆم نه‌مدی. زۆر كه‌س ئاواته‌كانیان برده ژێر گڵ، منیش ده‌ترسم بیبه‌مه ژێر گڵ. ئا به‌وه ناڕه‌حه‌تم.
مامۆستا، به‌و ته‌مه‌ن و مێژوویه‌ی كه له خه‌باتدا هه‌ته ده‌مه‌وێ لێت بپرسم كه كام یه‌ك له سه‌ركرده‌كانی كورد لای تو سه‌رنجڕاكێش بوون و تۆ به‌دڵت بوون و پێت وا بووه ئه‌مه كه‌سایه‌تییه‌كی باش بووه؟
– ئه‌گه‌ر ڕاستی بڵێم هیچیان! مادام دیكتاتۆری له‌كاردا بووبێ. هه‌ر كه‌س دیكتاتۆر بووبێ باش نه‌بووه. چونكه میلله‌ته‌كه یه‌ك خه‌ت و باوه‌ڕ نییه. ئه‌بێ ئیجازه بدرێ هه‌موو میلله‌ت به‌شدار بێ. هه‌مووشیان ئه‌وه‌ندش جیكهڵدانهیان هه‌بێ یه‌كتر قبووڵ بكه‌ن و بتوانن له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌یی میلله‌ت ڕێك بكه‌ون. نه‌مدی به‌رچاوته‌نگ نه‌بێ، یه‌كه‌تازی مه‌یدان نه‌بێ. نه‌مدی دیكتاتۆر نه‌بێ. ئه‌منیش كه بۆم نه‌كرا دیكتاتۆر بم ڕه‌نگه له كهمدهسهڵاتی بووبێ.
تۆ خۆت پێت وایه ڕه‌خنه‌ت له‌سه‌ر نییه؟
– چۆن ڕه‌خنه‌م له‌سه‌ر نییه. ئه‌من ئیعتمادم به زۆر كه‌س بوو كه ده‌بوایه نه‌مبوایه. كاك خالید، ئه‌من زۆر كارم كردووه كه ده‌بوا نه‌مكردایه. زۆر كارم نه‌كردووه ده‌بوا بمكردایه. سه‌عدی شیرازی ده‌ڵێ: پیاو ده‌بێ دوو جار 70 ساڵی عومر بێ بۆ ئه‌وه‌ی 70 ساڵی یه‌كه‌م ئه‌زموون كۆ بكاتهه و 70 ساڵی تریش عه‌مه‌لی پێ‌بكا. به‌خوا من 70 ساڵهكهشم پێ كه‌مه. كێ هه‌یه ئه‌مڕۆ له كاری دوێنێی گله‌یی نه‌بێ؟ كه‌س هه‌یی؟
به‌ڵێ هه‌یه!
– هه‌یه ڕازی بێ له كاری خۆی؟
بۆ نییه؟
– ئه‌وه له مه‌غرورییه. ئه‌من زۆر ڕۆژ هه‌یه تف له خۆم ده‌كه‌م. له خه‌ڵوه‌تدا تف له خۆم ده‌كه‌م، له كرده‌وه‌ی خۆم. چۆن ده‌بێ پیاو له كرده‌وه‌ی خۆی ڕازی بێ؟ ئه‌من هه‌ڵه‌ی زۆرم كردوون به‌ڵام ناپاكییم له‌گه‌ڵ میلله‌ت نه‌كردووه. مامۆستا شێخ عیزه‌دین ده‌یفه‌رموو كوڕه‌كانت مه‌نێره بۆ جه‌بهه، ده‌كوژرێن. گوتم قوربان به كوڕی خه‌ڵكی بڵێم بچن؟ گوتی به‌ڵێ. گوتم جا ده‌كرێ من به كوڕی خه‌ڵكی بلێم بچن، به‌ڵام كوڕی خۆم بگێڕمه‌وه. من زۆر به‌دڵه‌وه تێوه‌چووم. من پێشمه‌رگه‌م زۆر خوشده‌ویست. (لێره‌دا پارچه شیعرێكی خۆیم له‌سه‌ر پێشمه‌رگه بۆم خوێنده‌وه)
مامۆستا، له‌وه زیاتر كاتت ناگرم. ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌ك بۆ خوێنه‌رانی ئه‌م دیمانه‌یه هه‌بێ، بفه‌رموون.
– وه‌ڵڵا جا ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كمان كردبێ لێمان ببورن و ئه‌وه‌نده بزانن درۆمان نه‌كردووه. قسه‌كانمان به درۆ وه‌رنه‌گرن. چونكه من له‌عنه‌ت له درۆ ده‌كه‌م. ئێستا تۆ هاتی بۆلام درۆت ته‌حویل بده‌م باش نییه. ئه‌وه‌نده بزانه درۆم نه‌كردووه.
سازدانی دیمانه: خالید محه‌ممه‌دزاده / ديمانه



