به شی کوردیبیروڕامطالب جدیدناودارانی کورد

وتوویژ له گەڵ مەنسوور سوبحانی : ناسر سوبحانی بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چیی کردووە؟

وتوویژ له گەڵ مەنسوور سوبحانی : ناسر سوبحانی بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چیی کردووە؟

وشە/ سلێمانی- خالید محەمەدزادە

ساڵی‌ ۱۹۹۰دا حکوومەتی‌ ئێران، ناسر سوبحانی‌ کەسایەتیی‌ ئیسلامیی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستانی‌ لە سێدارە دا‌، ٢۵ ساڵ دوای‌ ئەو رووداوە، مەنسوور سوبحانی برای‌، بۆ یەکەمین جار لە “وشە”‌وە تیشک دەخاتە سەر چەند ویستگەیەکی‌ گرنگی‌ ئەو کەسایەتییە ‌و دەڵێت: “سوبحانی‌ باوەڕی‌ بە دامەزرانی‌ حکوومەتی‌ ئێسلامی‌ لە کوردستان نەبوو و لە کونفرانسی‌ خودموختاریی‌ کوردستان، یەکەم کەس بوو خواستی‌ فیدراڵیزمی‌ بۆ ئیدارەی‌ کوردستان هێنایە بەرباس”‌.

* بیروباوەڕی‌ ناسر سوبحانی‌ لە ناو کۆمەڵگەی‌ ‌ رۆژهەڵاتی کوردستاندا چ پێگەیەکی‌ هەبوو؟

ناسر سوبحانی‌ دوای‌ ئاشنابوونی‌ لەگەڵ قورئان، هەوڵی دا‌ ئەو تێگەیشتنەی‌ کە لە دین ‌و ئیسلام هەیەتی، بیگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگە. ئەو لە بواری‌ تەسەوفدا ژیا و رۆحی خۆی پێ ئارام کردەوە، دواتر بەرپرسیاریەتی‌ لە وانەگوتنەوە و وتاردانی‌ ئاینی‌ لە مزگەوتەکان وەرگرت. ئەوە گۆڕانکاری‌ فیکری‌ زۆری‌ لە سوبحانیدا دروست کرد و دەستی کرد بە بانگەوازی‌ ئیسلامی‌‌ و لەو راستایەدا‌ قوتابخانەیەکی‌ بۆ فێرکردنی خەڵک دروست کرد. ئەو هەنگاوەی‌ کاک ناسر لە کاتێکدا بوو کە لەو سەردەمەدا گەڕانەوە بۆ یەکتاپەرستی ‌‌و ئیسلام‌ و گەڕانەوە بۆ قورئان‌ و دوورکەوتنەوە لە کوفر‌ و بیدعەت بابەتێکی نامۆ بوو.

* ناسر سوبحانی‌ چ کاریگەرییەکی‌ لەسەر رەوتی “مەکتەبی‌ قورئان” هەبوو؟

کاک ناسر دوای‌ کونفرانسی‌ دووەمی‌ شەمس کە هەندێک کەس گیران بە کاک ئەحمەد موفتیزادەشەوە، لەلایەن مەکتەبی‌ قورئانی‌ سنهوە‌ بانگهێشت کرا بۆ ئەوەی بچێتە سنە و لەوێ نیشتەجێ بێت. لە ماوەی‌ ۳ ساڵدا توانی‌ ئەو بۆشاییەی لە گیرانی‌ ئەحمەدی‌ موفتیزادە دروست بوو، لە مەکتەبی قورئاندا پڕی‌ بکاتەوە. سوبحانی‌، ئەحمەد موفتیزادەی‌ خۆش دەویست. بۆ ئەوەی‌ شوێنکەوتووانی‌ کاک ئەحمەد سەرکەوتوو بن، ژیانی خۆی بۆ تەرخان کردن و لە دەرەوەی‌ روانینی‌ حزبی ‌‌و گرووپی‌ هەڵسوکەوتی‌ لەگەڵ کردن.

* روانگەی‌ ناسر سوبحانی‌ لەسەر بزووتنەوەی‌ مافخوازانەی‌ خەڵکی‌ کوردستان چ بوو؟ ئەم رەخنەیەی لەسەرە کە‌ ئەوەندەی‌ بە ئیسلامی سیاسییەوە سەرقاڵ بووە‌، هێندە بایەخی‌ بە کوردایەتی ‌‌و پرسی‌ کورد لە ئێران نەداوە؟

کاک ناسر زیاتر لەو رەخنانەی کە لێی دەگیرێت، بایەخی بە پرسی نەتەوەیی داوە. ئەو دەیگوت نەتەوەی‌ کورد دەتوانێ‌ حوکمڕانی بکات ‌و خۆی‌ بەڕێوە ببات. سوبحانی‌ نەتەوەی‌ کوردی‌ بە چەوساوە دەزانی‌‌ و پێی‌ وابوو دوژمن ناهێڵێ‌ کورد یەکگرتوو بن. پێی وابوو یەکنەگرتنی‌ کورد بە سوودی‌ وڵاتانی‌ ترە‌ و ئەو وڵاتانە لە بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان دەهێنن، تەنانەت سکاڵانامەیەکی‌ بۆ کارەساتی‌ هەڵەبجە هەیە.

* سوبحانی بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چیی کردووە؟

لە رۆژەکانی‌ یەکەمی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێران بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی‌ خەڵکی کورد کرد. ئەو لە کۆنفرانسی‌ خودموختاری‌ کوردستان بەشدار بوو، لەو کۆنفرانسەدا یەکەم کەس بوو خواستی‌ فیدراڵیزمی‌ بۆ ئیدارەی‌ کوردستان هێنایە بەرباس. بەشداری‌ لە “شوورای‌ شەمس” کرد بۆ گەڕانەوەی‌ مافە زەوتکراوەکانی‌ کورد ‌و خەڵکی‌ سوننە لە ئێران، تەنانەت هەر لە رێگەی‌ بەرژەوەندییەکانی‌ میللەتی‌ کورد و ئاینەکەی‌ گیانی‌ بەخت کرد.

* بەڵام زیاتر وەک کەسایەتییەکی‌ ئیسلامی‌ ناسراوە تا نەتەوەیی‌؟

راستە، بەڵام ئەو باجێکی‌ زۆری‌ داوە بۆ وەرگرتنی‌ مافەکانی‌ کورد، رەنگە لەبەر ئەوەی هەنگاوەکانی‌ رەنگ‌ و بۆنی‌ دینداری‌ پێوە بووە،‌ لە روانگەی‌ زۆرێک لە نەتەوەخوازەکان وا پێشان نەدرێت کە کاری‌ بۆ کورد کردبێت کە ئەوەش ئەمەش بێ‌ ئینسافییە.

* کۆماری‌ ئیسلامی‌ بە چ بیانوویەک ناسری‌ سوبحانیی‌ کوشت؟ ئایا ململانێی‌ ناسر سوبحانی‌ لەگەڵ حکوومەت، ململانێی‌ شیعو ‌‌و سوننە بوو یا ململانێیەکی تر بوو‌؟

ناسر سوبحانی‌ وەک بانگخواز و ئیسلامخوازێک، هیچ دەستە ‌‌و باڵێکی‌ چەکداری‌ نەبوو کە دژی‌ ئێران شەڕ بکات، ئەو دەیگوت خەڵکی‌ ئێران‌ و بەتایبەت کورد‌ و خەڵکی‌ سوننە، دەبێ‌ مافەکانیان ‌ لە بواری‌ باوەڕ ‌‌و نەتەوەییەوە بۆ دابین بکرێ‌. شەڕی‌ ئەو لەگەڵ حکوومەتی‌ ئێران شەڕێکی‌ فیکری‌ بوو نەک چەکدارانە.

* جیاوازی‌ کارکردنی‌ ناسری‌ سوبحانی‌ لەگەڵ هەندێ‌ لایەنی‌ ئیسلامی‌ کە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات پەنا دەبەنە بەر ‌”جیهاد”‌و توندوتیژی‌ لەچیدا بوو؟

ئەو بە پێچەوانەی‌ ئەو روانگە ئاینییانە هەڵسوکەوتی کرد‌ کە دەیانویست لە رێگەی‌ چەکداریی‌‌ و خوێنڕشتنەوە ماف بە دەست بهێنن. پێی وابوو لە رێگەی‌ فیکر‌ و قەڵەمەوە ئەو مافە بە دەست بێنێ‌. بۆیە بەرپرسانی‌ ئێران‌ لەو باوەڕەدابوون کە چەکەکەی‌ ناسر سوبحانی‌ زۆر بەکارتر و وێرانکەرترە لە لوولەی‌ تفەنگ.

* کۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران چ روونکردنەوەیەکی‌ بە بنەماڵەکەی‌ ئێوە داوە بۆ لە سێدارەدانی؟ ئێوە دڵنیا کرانەوە کە بۆچی‌ لە سێدارە دراوە؟

کۆماری‌ ئیسلامی‌ تا ئێستە بۆ ئێمەی‌ روون نەکردووەتەوە کە ئەو پیاوەیان بە چ تاوانێک کوشتووە؟ لە زاری‌ بەرپرسانی‌ کۆماری‌ ئیسلامی بیستم کە دەیانگوت ئەو پیاوە ئێمەی‌ قبووڵ نەبوو، بۆیە ئێمەش تەحەمولمان نەکرد‌. ناسر سوبحانی‌ لەگەڵ کۆماری‌ ئیسلامی‌ شەڕی‌ چەکدارانەی‌ نەبووە،‌ بەڵکو ئەو رەوتێکی‌ فیکری ‌‌و ئیمانی‌ بەرامبەر بە ئێران گرتەبەر‌ و ئامانجیشی‌ هەر بەدەستهێنانی‌ مافی‌ نەتەوەکان‌ و بەتایبەت کورد بووە.

* ئێوە کەوتنە شوێن دۆسیەکەی‌ کە بۆچی‌ کوژراوە‌، وەڵامی‌ فەرمیی حکوومەت چ بوو؟

ئێمە کەوتینە شوێن دۆسیەکە‌ و منیشیان بانگ کردە دادگەی‌ سنە. بۆ رادەستکردنەوەی‌ تەرمەکەشی‌ هەوڵێکی‌ زۆرمان دا، تەنانەت جارێکیش هەواڵی‌ کوشتنەکەیان بە درۆ خستەوە، بە جۆریک کە بۆ راستیی‌ هەواڵەکە چووینە تاران‌، بەڵام بینیمان راستە، هەرچەند تا ئێستە تاوانەکەیان بە فەرمی ‌بۆ ئێمە روون نەکردووەتەوە، تەنیا ئەوە نەبێ‌ کە گوتیان ئێمەی‌ قبووڵ نەبووە، ئێمەش تەحەمولمان نەکرد. ئەوان هیچ بەڵگەیەکیان بە ئێمە نەداوە.

* دوای‌ کوژرانی‌ ناسر سوبحانی‌ بنەماڵەکەی چیی لێ هات، ئایا لەلایەن حکوومەتەوە هیچ پاڵەپەستۆیەکتان خرایە سەر؟

ئیمە لە پاوە دەژین، دوای‌ کوژرانی‌ ناسر سوبحانی‌ لەلایەن خەڵکەوە رێزمان لێ‌ گیراوە‌. هەڵسوکەوتی‌ حکوومەتیش زۆر توند نەبووە لەگەڵمان، حکوومەتیش دوایی‌ تێگەیشت کە کارێکی‌ نابەجێی‌ کردووە و پیاوێکی‌ زانای ئەهلی‌ سوننەتیی‌ شەهید کردووە. ئێستەش زۆرێک لە بەرپرسەکانیان دەڵێن ئەگەر ناسر سوبحانی‌ زیندوو بوایە، ئێمە شەهیدمان نەدەکرد.

* بەڵام ئەو رەخنەیە‌ لە “مەکتەبی‌ قورئان”‌و شوێنکەوتووانی‌ ناسر سوبحانی‌ دەگیرێت کە لە هەڵگیرسانی‌ شەڕی‌ ناوخۆدا بەشدار بوون، پێت وایە ناسر سوبحانی‌ بەشدار بووە لە شەڕی‌ ناوخۆیی‌ کوردستان؟

سوبحانی‌ لە بنەڕەتدا بەشداری‌ لە شەڕی‌ ناوخۆ نەکرد. دوای‌ ئەوەی‌‌ رەشنووسی‌ دەستووری ئێرانیش بڵاو کرایەوە و خستیانە ریفراندۆمەوە، ئەو مەدەنییانە کاردانەوەی‌ خۆی پێشان دا‌ و ئەو خاڵانەی لە دەستووردا‌ بە ستەمی دەزانی،‌ لە رۆژنامەکاندا بڵاوی کردەوە و رەخنەی‌ لێ‌ گرتن. هەر ئەوکات لە حوسەینییەی ئیرشاد رای‌ خۆی‌ دەربڕی ‌‌و بە ئاشکرا رای گەیاند،‌ ئەگەر ئەو یاسایە ببێتە یاسای‌ هەمیشەیی‌ ئێران، بە یاسایەکی باشی نازانم و مافی خەڵکی تیادا پێشێل کراوە.

* وەک دەگوترێت ناسر سوبحانی‌ لە ریفراندۆمەکە دەنگی‌ داوە بە پەسندی‌ یاسای‌ بنەڕەتی‌ ئێران ‌و دوای‌ پەسندکردنی‌ کەوتووەتە رەخنەگرتن لێی‌، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە رێفراندۆمەکە لە کوردستان بایکۆت کرابوو؟

بەڵێ‌ ئەو بەشداری‌ ریفراندۆمەکەی‌ کرد، بەڵام ناسر سوبحانی‌ دوای‌ بڵاوبوونەوەی‌ یاسای‌ هەمیشەیی ئێران، سەردانی‌ خومەینیی‌ کرد‌ و لەوێ‌ رای گەیاند کە شۆڕش خەریکە لە بنەما شەرعی ‌و کۆمەڵایەتییەکانی دەردەچێ و بە لاڕێدا دەڕوا، بۆیە کاک ناسر هەوڵی ‌دا بەرگری لە خەڵکی‌ کورد بکات.

* ئەی‌ بۆ شەڕی‌ پاوە کە گوایە ناسر سوبحانی‌ بەشداری‌ کردووە ‌و بەرامبەر بە حزبە کوردییەکان وتاری‌ داوە، چ پاساوێک هەیە؟

تەنانەت لە شەڕی‌ پاوەش ئامۆژگاری‌ حزبەکانی‌ کرد کە شەڕەکەیان رەوا نییە‌ و هەموو یەک میللەتین. گوتی‌ ئەگەر هەندێک باوەڕیان وایە لەژێر دەسەڵاتی‌ ناوەندیدا بن، ئەوە تاوان نییە‌ و ئێوە ئەو شەڕەتان ناڕەوایە ‌‌و بە سوودی‌ کورد نییە. بەڵام گوێیان لێ‌ نەگرت ‌و لە راستیدا زیانی‌ زۆریان بە خەڵکی‌ پاوە گەیاند.

* بەڵام بەشێک لە حزبەکانی‌ رۆژهەڵات لە شەڕی‌ پاوە، ناسر سوبحانی ‌‌و لایەنی‌ “مەکتەبی‌ قورئان” تۆمەتبار دەکەن بەوەی‌ پاڵیان بە حکوومەتە‌وە دابوو و باس لەوە دەکەن لە شەڕەکەدا‌ لایەنی‌ پاسدار‌ و حکوومەتیان‌ گرتووە؟

زۆر بێ ئینسافییە ئەگەر ئەوە بەرامبەر بە ناسر سوبحانی بگوترێ. لەبەر ئەوەی ناسر لە گەمارۆدا بوو، ئەو لە گوندی‌ “دووریسان” بوو و‌ چەکی‌ پێ نەبوو.‌ داوای‌ هەڵگرتنی‌ چەکی‌ لە شوێنکەوتووانیشی نەکردبوو. کاک ناسر ئامۆژگاری‌ بەحەقی‌ دەکرد، بۆیە رقیان لێی‌ بوو. سوبحانی‌ دەیگوت ئێوە دەبێ‌ بە شێوازی‌ مەدەنییانە مافی‌ خۆتان بەدەست بهێنن‌ و ئەو شەڕە هیچ سوودێکی‌ بۆ کوردستان نییە.

* پێت وایە ناسر سوبحانی‌ دەیویست حکوومەتێکی‌ ئیسلامی‌ دامەزرێنێ‌ یان نا، ئەو چ جۆرە سیستمێکی‌ بۆ کوردستان دەویست؟

ئەو هەرگیز باوەڕی‌ بە دامەزراندنی‌ حکوومەتی‌ ئیسلامی‌ لە کوردستاندا نەبوو. ئەو پێی‌ وابوو کۆمەڵگەی‌ ئێمە لەبەر ئەوەی ساڵانێکە کاری‌ لەسەر کراوە ‌‌و بیروڕای‌ موسڵمانان سارد‌وسڕە‌ و زۆر جێی‌ متمانە نییە‌، بڕوای‌ بەوە نەبوو نەتەوەیەک کە ئامادەیی‌ نییە حکوومەتی‌ ئیسلامی‌ لەناویاندا دابمەزرێنێ‌. ئەو باوەڕی‌ بە ریفۆڕم هەبوو، واتە سەرەتا بۆ خەڵک روون بکرێتەوە و دواتر ئەگەر‌ ئامادەییان‌ پەیدا کرد، خۆیان داوا بکەن بۆ دامەزرانی‌ شەرع‌ و یاسای‌ ئیسلامی‌. بەڵام باوەڕی‌ بەوە هەبوو کە دەبێ‌ خەڵکی‌ کوردستان وەک خەڵکانی‌ تر دەوڵەتی‌ خۆیان هەبێ‌. رێکخستنیان هەبێ ‌‌و خۆیان بەڕێوەبەریی‌ کاروباری‌ خۆیان بن. دەیویست حکوومەتێک هەبێ‌ مافی خەڵک پێشێل نەکات، بەڵام جۆری‌ حکوومەتەکەی‌ دیاری‌ نەکردبوو و دەیزانی‌ داواکردنی‌ حکوومەتێکی‌ ئیسلامی‌ لەو دۆخەدا سەر ناگرێت.

* چی‌ بەرەخنەگرانی‌ ناسر سوبحانی‌ دەڵێی‌؟

پیاوێکی‌ دڵسۆز و‌ خەمخۆری‌ کوردستان ‌و کورد بوو. بەرەنگاری‌ هەموو ستەمێک دەبووەوە و دەیویست ئاسایشی‌ خۆی‌ لە پێناو ئاسایی‌ خەڵکی‌ تێک بدات. ئەگەر خەڵکی بەبێ لێکۆڵینەوە لە بەرهەمەکانی‌ قسەی‌ لەسەر بکەن، ئەوا ستەمێکی‌ ناڕەوایان بەرامبەری کردووە و من داوایان لێ دەکەم نووسینەکانی‌ بخوێننەوە، ئینجا دەتوانن باشتر قەزاوەتی لەسەر‌ بکەن.

سه رچاوه : وشە

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا