شيعر و ئه ده بمطالب جدید

ئەی خۆشە ویستەکەی دڵان

ئەی خۆشە ویستەکەی دڵان

نوسه ر: ملا غریب پینجوێنی

ئەی فروستادەی دینەکەم.. ئەی ڕەونەقی مەدینەکەم… بەخێرەاتی.. لە وڵاتی نیوە دورگەی بێبەندوباو.. وشک و بێ ئاو.. داماو و شیرازە پچڕاو.. بویتە چرا.. شۆڕشێکت لە سەر دەستا بەرپا کرا.. پەرچەمێکت پێ ھەڵ کرا..ترست گۆڕی بەبێ باکی.. نەفامی بۆ ڕەوشت پاکی.. تاریکی بەرەو ڕوناکی.. بەخێرھاتی.. بەخێرھاتی..

….ئەتۆ قەڵای خودا کردی…تۆئەو کەسەی.. کە بەمحمدی ئەمین بانگیان کردی.. ھێشا لاو بووی کەڕاوێژیان پێ دەکردی… چەندین کێشەی وەک دیوارە ڕوخاوەکەی کەعبەیان پێ چار دەکردی…. کاتێکیش بویتە پێغەمبەر… دەک درودی خودات لەسەر.. دەرگای خواناسیت کردەوە.. ئادەمیزادی کڵۆڵی غەرقی لافاوی نەفامیت لە گەڵ خوای خۆی ئاشت کردەوە…

ڕوناکی پێغەمبەرێتیت شۆڕشی ئازادی گیان بوو…ڕزگاری چەوساوەکان بوو… مەرگی دیکتاتۆرەکان بوو… ڕاماڵەری ئێش و ژان بوو..ئاشتی و پێکەوە ژیان بوو.

ئەی خۆشەویستەکەی دڵان… ھەوێنی شیری ژیانی… سەرقەڵەمڕەوی مەردانی…ئەی بەڕەحمەت نێراوەکەم… بۆ ئازاری ئومەتەکەت نیگەرانی… بەڕادەیەک میھرەبانی… پیرەژنێک بۆ پرسیارێ دەیوەستانی…. دەنگی گریانی ساوایەک لە نوێژێکی جەماعەتدا دەیھەژانی.. تۆ قوتابی ئەم قورئانەو( روح القدوس)زێوانت بوو…. تۆ نەمامی ئەم ژیانەو خودا خۆی باخەوانت بوو، فریشتە پاسەوانت بوو، دەیان ژەمت ئاوو خورما خوانت بوو… ڕایەخێکی سادەو ساکارلە جێی کۆشک و ھەیوانت بوو.

ئەی تۆ نەبووی کە بۆ مەرگی تەنھا دایکێک فرمێسکی ناوەختت سڕی… کراسی ھەتیویت دڕی… کۆڵی قورست لە کۆڵت ناو لە ھەورازو شاخ و چەما.. لە ناو کورەی ئاخ و خەما…ڕێگای پڕ لە ترست بڕی…

بۆیە وەک موسای کێوی طورلە میعراجا ڕازو نیازت بۆ دەکا…. پێت دەفەرموێ خۆشەویستم… تۆ ڕێبواری رێگایەکی… دوور وەکو ڕێگاکەی نووح و… گەرم وەک مەنجەنیقەکەی ئیبراھیم و… تاریک وەک بیری یوسف و خەمناک وێنەی ئەو خەنجەرەی لە ملی یەحیاو زەکەریا ڕاکێشرا…. جارێکی باسی ڕۆژانێکی بانگەکەی نوحت بۆ دەکا…. تاوێک باسی ئیبراھیمەو بت دەشکێنێ و ھێزی شەڕ خواز مەنجەنیقی بۆ دادەخا…جاڕێکی تر باسی شۆڕشی موسایەو چونکە خودای لەگەڵ دایە… فیرعەونی بۆ دەخنکێنێ و سەری دەخا..

 پێت دەفەرمێ…. دوور بڕوانە.. ئەوە ئەیوبی سەر دەستەی ئارامگران.. ئەوە داودو سولیمان…. ئەوە یونسی زویرو… ئەوەش یوسفی ناو زیندان… تۆش ڕێگاکەی ئەوان بگرە… ( فَصبِر کَما صَبَرَ أولُوالعزِم مَن الرسُلَ)… ئارامیان گرت، تۆش وەک ئەوان ئارام بگرە.

….ئەی پێغەمبەر…. تۆ کە( وسیله و فضیله) خەڵاتت بێ و… لە بەھەشتا تاجی ڕێزت بکرێتە سەر… لە یادی لە دایک بوونت… وەک ڕێژنە بارانی بەھار درودی خوات بڕژێتە سەردروودی خوات بڕژێتەسەر.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا