کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر ڕۆژووی مانگی ڕه
کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان
مه‌لا عومه‌ر-خوێندکاری ماسته‌ر/به‌ریتانیا
(یَا أَیُّهَا الَّذِینَ آمَنُوا کُتِبَ عَلَیْکُمُ الصِّیَامُ کَمَا کُتِبَ عَلَى الَّذِینَ مِنْ قَبْلِکُمْ لَعَلَّکُمْ)
مانگی ڕه‌مه‌زان مانگی لێخۆشبوو‌ن و به‌خۆداچوونه‌وه‌و ته‌وبه‌کردن و چاکه کردنه، مانگێکی پیرۆزه‌و گه‌وره‌ترین کار تێیدا ڕوویداوه که ئه‌ویش هاتنه خواره‌وه‌ی قورئانی پیرۆزه، ئه‌و قورئانه‌ی که‌وا خوای گه‌وره کردی به دواهه‌مین کتێب بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی تا ڕۆژی دوایی، ئه‌و قورئانه‌ی که مایه‌ی دڵخۆشی و شانازی هه‌موو مسوڵمانێکهو،وه هۆی ڕێنموونی و ته‌حه‌دای هه‌موو لایه‌که. ئه‌و مانگی ڕه‌مه‌زانه‌ی که هه‌موو مسوڵمانان به‌یه‌ک ده‌نگ و به‌یه‌ک جۆر تێیدا به‌ڕۆژوو ده‌بن له سه‌رانسه‌ری جیهاندا. باسکردن له پیرۆزی و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئه‌م مانگه زۆرن لێره‌دا به‌جێی ده‌هێڵین و ده‌ڕۆینه ناو چۆنێتی ڕۆژوو گرتنه‌وه‌و ئه‌و کارانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به‌م کرداره پیرۆز‌و به به‌ره‌که‌ته‌وه هه‌یه.
ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان وه‌ک هه‌ر کردارێکی تری ئاینی کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. هه‌موو مسوڵمانێک پێویسته له‌سه‌ری که به‌رچاو ڕوونیه‌کی له‌سه‌ر ئه‌م مانگه‌و وه چۆنێتی ڕۆژوو گرتن هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کانی به پێی ئه‌وه بێت که خوای گه‌وره داوای کردووه. ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان یه‌کێکه له پێنج پایه‌کانی ئیسلام وه‌ک له فه‌رمووده‌ی ( بنی الاسلام علی خمس ) دا هاتووه وه باسی ڕۆژووشی تێدا کردووه. وه کۆمه‌ڵی زانایانیش هاوڕان له‌سه‌ر واجبێتی گرتنی ئه‌م مانگه .
ڕۆژوو
ڕۆژوو له زمانه‌وانیدا واته: خۆ گرتنه‌وه له شت وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رمووی له‌باسی مه‌ریه‌مدا سه‌لامی خوای لێ بێت (انی نذرت للرحمن صوما) به‌ڵام ڕۆژوو گرتنه‌که‌ی مه‌ریه‌م سه‌لامی خوای لێ بێت به قسه نه‌کردن بوو، لێره‌دا مه‌به‌ست ووشه‌ی (صوم) که به‌واتای له خۆ گرتنه‌وه دێت له شه‌رعدا یانی له خۆ گرتنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت له که‌سێکی تایبه‌ت له کاتێکی تایبه‌تدا به مه‌رج. وه‌ڕۆژوو واجب بووه به پێی قورئان وفه‌رمووده‌و کۆڕه‌وی زانایان، وه کاته‌که‌شی به بینینی مانگه له ڕه‌مه‌زاندا وه‌ک ده‌فه‌رمووێ ( فَمَنْ شَهِدَ مِنْکُمُ الشَّهْرَ فَلْیَصُمْهُ )
مه‌رجه‌کانی واجب بوونی ڕۆژوو
سێ مه‌رج هه‌یه بۆ واجب بوونی ڕۆژوو:
۱- ئیسلام واته بێ باوه‌ڕ ڕۆژووی له‌سه‌ر واجب نیه ئه‌مه کارێکه په‌یوه‌ندی به مسوڵمانه‌وه هه‌یه ئه‌گه‌ر بێ باوه‌ڕ ڕۆژووش بگرێت بۆی حسێب ناکرێت وه هیچ پاداشتێکی له‌سه‌ر وه‌رناگرێت، چونکه مسوڵمان که ڕۆژوو ده‌گرێت له‌به‌ر خوا ده‌یگرێت، به‌ڵام بێ باوه‌ڕ له‌به‌ر چ.
2- گه‌وره (بالغ) واته له‌سه‌ر منداڵ واجب نیه ئه‌مه‌ش مانای وانی یه منداڵ بۆی نیه بیگرێت وه‌یان پاداشتی له‌سه‌ر وه‌رناگرێت بێگومان نه‌خێر، باشتر وایه منداڵانیش له‌سه‌ر ئه‌م کرداره پیرۆزه ڕابهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی که گه‌وره بوو له‌سه‌ری ئاسان بێت، وه هه‌روه‌ها خوای گه‌وره بۆشی حسێب ده‌کات وه‌هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کی چاکی تر، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت زۆر جار زۆرکه‌س به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چن له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه واته بالغ بوون، بالغ بوونی شه‌رعی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئافره‌ت بوو سه‌ره‌تای که‌وتنه حهیزهوهیه وه پیاویش ئیحتیلام بوون، ئیتر هه‌ر شتێکی تر که بۆ منداڵ بوون دیاری کراوه له‌هه‌ر قانون و دین و که‌لتورێکی تردا پێوه‌ر نیه بۆ ئه‌م کاره بۆ نمونه له ئه‌وروپادا تا ته‌مه‌نی ۱۸ ساڵ هه‌ر به منداڵ داده‌نرێت وه ده‌کرێت له‌ته‌مه‌نی ۱۸ ساڵیدا چ کچ وه کوڕ چه‌ند ساڵێک به‌سه‌ر بالغ بوونیدا تێپه‌ڕی بوو بێت.
۳- ژیری (العقل) وه ژیری پێویسته هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چ ده‌کات، شێت هیچ ته‌کلیفێکی شه‌رعی له‌سه‌ر نیه وه‌ک پێغه‌مبه‌ر درودی خوای لێ بێت ده‌فه‌رمووێ (عن النبی صلى الله علیه وسلم قال رفع القلم عن ثلاث عن النائم حتى یستیقظ وعن الصغیر حتى یکبر وعن المجنون حتى یعقل أو یفیق) له پێغه‌مبه‌ره‌وه درودی خوای لێ بێت هاتووه، ده‌فه‌رمووێ قه‌ڵه‌می تاوان له‌سه‌ر سێ کۆمه‌ڵ لابراوه خه‌وتوو تا هه‌ڵده‌ستێت، منداڵ تا گه‌وره ده‌بێت، شێت تا ژیر ده‌بێت یان چاک ده‌بێته‌وه. که‌واته که‌سێک ڕۆژووی له‌سه واجبه که مسوڵمان و گه‌وره‌و ژیر بێت.
فه‌رزه‌کانی ڕۆژوو
فه‌رزه‌کانی ڕۆژوو پێنجن:
1- نیه‌ت هێنانه، نیه‌ت هێنانیش ته‌نها دڵ به‌سه بۆ کردنی ئه‌م کاره وه جێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی نیه‌ت دڵه، زۆر به‌داخه‌وه هێشتا زۆر که‌س ناتوانێت ئه‌مه هه‌زم بکات و هه‌ر نکۆڵی لێده‌کات و وه زۆر موسیره له‌سه‌ر ووتنی به‌ده‌م، لێره‌دا ئێمه قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه نیه که ووتنی به‌ده‌م ڕه‌وا نیه، به‌ڵکو ئاساییه به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ووته‌ش نه‌وترا زۆر ئاساییه مادام نیه‌ته‌که هه‌بوو بێت له دڵدا. هه‌ر کردارێک که ده‌کرێت بێ گومان خوای گه‌وره ئاگاداره به نیه‌ته‌که‌ت خۆ ئه‌گه‌ر به ووته بڵێی خوایه من به‌یانی به‌ڕۆژوو ده‌بم له‌به‌ر تۆ به‌ڵام له دڵتا ئه‌وه‌ت مه‌به‌ست نه‌بوو بێگومان خوای گه‌وره سه‌یری دڵ ده‌کات، وه‌ک له فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ریشدا هاتووه که خوای گه‌وره نه سه‌یری جه‌سته نه شێوه‌و ڕوخسارمان ده‌کات به‌ڵکو سه‌یری دڵ و کرده‌وه‌مان ده‌کات، وه دڵ گرنگیه‌کی ئه‌وتۆی هه‌یه له شه‌رعدا، جا ده‌بێت نیه‌تمان هه‌بێت بۆ کردنی ئه‌م کاره له کاتی خۆیدا ئه‌ویش پێش سبهینیانه وه ده‌کرێت هه‌ر له‌سه‌رتایی مانگه‌وه نیه‌تمان هه‌بێت بۆ کردنی ئه‌م کاره پیرۆزه ئه‌ویش هه‌ر به بوونی ئه‌و کاره له دڵماندا.
۲- خۆ گرتنه‌وه له خواردن و ۳- خواردنه‌وه، نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک خواردن و خواردنه‌وه له ڕۆژی ڕه‌مه‌زاندا بخورێت به خواردنی یان خواردنه‌وه‌ی هه‌ر شتێک ئه‌گه‌ر که‌م وه‌یان بچوکیش بێت ڕۆژووه‌که‌ی پێ ده‌شکێت و دروست نابێت مه‌گه‌ر له‌بیری نه‌بێت که به ڕۆژووه، جا ئه‌گه‌ر له بیری نه‌بوو وه شتێکی خوارد زیان به ڕۆژووه‌که‌ی ناگات چونکه ویستی ئه‌وه نه‌بووه ڕۆژووه‌که‌ی بشکێنێ، وه‌ک له فه‌رمووده‌یه‌کدا هاتووه ( من نسی وهو صائم فاکل أو شرب فلیتم صومه فانما أطعمه الله وسقاه) واته ئه‌گه‌ر یه‌کێک له بیری چوو که به‌ڕۆژووه شتی خوار وه‌یان خواردیه‌وه با به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ڕۆژووه‌که‌ی ئه‌وه خوای گه‌وره خواردن یان خواردنه‌وه‌ی پێداوه. به‌ڕاستی ئه‌مه واقعێتی ئیسلام جێگیر ده‌کات. ئه‌گه‌ر شتیک که ده‌سته‌ڵاتی تیا نه‌بێت ڕۆژوو ناشکێنی وه‌ک دوکه‌ڵی کارگه‌و ته‌پوتۆزو ئه‌و شتانه، به‌ڵام دوکه‌ڵی جگه‌ره‌ی جگه‌ره کێش ڕۆژووه‌که‌ی ده‌شکێنی چونکه به ئاره‌زووی خۆی بووه نه‌ک ناچاری.
۴- کاری جووت بوون (الجماع) ڕۆژانی ڕه‌مه‌زان کاتی خوا په‌رستیه‌و نابێت کاری جووت بونی تێدا ئه‌نجام بدرێت، وه ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره کرا ڕۆژووه‌که ده‌شکێ و وه کافهرهتیشی ده‌که‌وێته‌سه‌ر ئه‌ویش ئازاد کردنی به‌نده‌یه گه‌ر نه‌بوو دوومانگ له‌سه‌ر یه‌ک به ڕۆژوو بوونه ئه‌گه‌ر نه‌توانرا دانی خواردنه به 60 هه‌ژارو که‌م ده‌رامه‌ت. وه هه‌ر کارێکی تر بۆ خۆ ڕه‌حه‌ت کردن بۆ نمونه به‌ده‌ست ..تاد ڕۆژوه‌که ده‌شکێنێ. وه ئه‌گه‌ر له بیرت چوو که به ڕۆژووی هه‌مان حوکمی خواردن و خواردنه‌وه‌ی هه‌یه واته ناشکی خوای گه‌وره زاناتره .
۵- خۆ ڕشانه‌وه به زۆر ده‌بێت ئاگاداری لێ بکرێت و به‌زۆر خۆت نهڕشێنیتهوه. وه هه‌روه‌ها زانینی ڕۆژ چ له سه‌ره‌تاوه وه‌یان له کۆتاییه‌وه، ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه بکرێت که خۆت بگریته‌وه له هه‌موو ئه‌و شتانه پێش ڕۆژ هه‌ڵاتن تا ڕۆژئاوا بوون خۆ ئه‌گه‌ر بهکهمێکیش بێت ڕۆژووه‌که دروست نابێت یانی به هه‌ڵاتنی ڕۆژ وه‌یان به ئاوا نه‌بوونی.
ئه‌و شتانه‌ی که ڕۆژوو ده‌شکێنن
ئه‌وشتانه‌ی که ڕۆژوو ده‌شکێنن ۱۰ شتن:
۱-هه‌رشتێک به ئه‌نقه‌ستی بگاته بۆشایی بۆ نمونه زگ.
۲-هه‌رشتێک به ئه‌نقه‌ست بڕواته ناو بۆشایی سه‌ر وه‌ک لووت گوێ.
۳-شت خستنه ناو بۆشایی دواوه یان پێشه‌وه، وه‌ک ده‌رمان و ئه‌و جۆره شتانه، وه هه‌روه‌ها په‌نجه تێنانیش ده‌گرێته‌وه.
۴-خۆ ڕشانه‌وه به ئه‌نقه‌ست، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆخۆی ڕشایه‌وه ناشکێ.
۵-کاری جووت بوون.
۶-خۆ ڕه‌حه‌ت کردن چ خۆی بۆ خۆی بێت یان که‌سێکی تر بێت.
۷-خوێنی زه‌یستانی ئافره‌ت، واته سوڕی مانگانه.
۸-خوێنی نیفاس ئه‌و خوێنه‌ی دوایی منداڵ بوون دێت.
۹-شێت بوون، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی که‌میش بێت.
۱۰-هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له دین خوا په‌نامان بدات''.
۱۱- نیه‌ت گۆڕین، وه‌ک یه‌کێ بڵێ ڕۆژوه‌که‌م ده‌شکێنم یان پاش که‌مێکی تر ده‌یشکێنم یان با بزانم چۆن ده‌بێت. له‌م جۆره قسانه وه هۆی شکاندی به نیهتگۆڕین با هیچیشی نه‌خواردبێ هه‌ر ده‌شکێ. جا ده‌بێت متمانه‌ی ته‌واو ببێت به خۆ‌و ئه‌و جۆره دوودڵیانه دروست نه‌کات له خۆیدا.
هه‌ندێک ئادابی باش له ده‌رباره‌ی ڕۆژوو له ڕه‌مه‌زاندا
کارێکی باشه ڕۆژووه‌وان ئاگای له‌م ڕه‌وشانه بێت له ڕۆژوودا
۱-پارشێوکردن، کارێکی باشه‌و بکرێت به‌ڵام تاوانی نیه ئه‌گه‌ر نه‌شکرێت کردنی باشه‌و سونه‌تی پێغه‌مبه‌ره وه‌ک ده‌فه‌رمووێ (تسحروا فاءن السحور برکه) واته پارشێو بکه‌ن چونکه به‌ره‌که‌تی تیایه وه هۆی بهرهکهتهکهشی ئه‌وه‌یه ڕۆژووه‌وان به‌هێز ده‌کات''
۲-په‌له‌کردن له ڕۆژوو شکاندندا هه‌رکه دڵنیا بوویت که ڕۆژ ئاوا بووه، وه هه‌روه‌ها هه‌وڵ بدرێت که به چه‌ند ده‌نکه خورمایه‌کی ته‌ڕ ڕۆژووه‌که بشکێنرێت، وه‌گه‌ر نه‌بوو به ئاو.
۳-دوعا‌و پاڕانه‌وه له‌کاتی به‌ربانگدا پێغه‌مبه‌ر درودی خوای لێ بێت ده‌فه‌رمووێ ( ثلاثه لاترد دعوتهم الصائم حتێ یفطر، والاءمام العادل، والمظلوم) واته سێ که‌س یان کۆمه‌ڵ خوای گه‌وره داواکانیان ره‌د ناکاته‌وه یه‌که‌میان ڕۆژووه‌وان دووه‌میان سه‌رۆکێکی عادل وه سێهه‌میان که‌سێکی سته‌م لێکراو.
۴-خۆگرتنه‌وه له هه‌موو شتێکی پڕ‌و پوچ وه‌ک زه‌می خه‌ڵک کردن و باسی ئه‌م وئه‌و، کات کوشتن بهشتی بێ به‌هاوه، چونکه ئه‌م مانگه مانگێکه فرسه‌تێکی زێڕینه بۆ عیبادهت کردن و کۆکردنه‌وه‌ی زه‌خیره بۆ دواڕۆژ وه هه‌رکارێک له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌کرێت بێگومان خێری زیاتره له له ڕۆژانی تر. پێغه‌مبه‌ر درودی خوای لێ بێت ده‌فه‌رمووێ ( رب صائم لیس له من صیامه الا الجوع ) واته ڕۆژووه‌وانی وا هه‌یه جگه له برسێتی هیچی بۆ نامێنێته‌وه.
۵- سیواک کردن۶-قورئان خوێندن، و ئاماده‌بوونی کۆڕی زیکرو یادکردنی خوا خۆ مه‌شغوڵ کردن به تێگه‌یشتنمان له ئیسلام زیاتر، وه ئێسته به هۆی ئه‌م ته‌کنه‌لۆجیای له به‌رده‌ستماندایه ده‌توانین زیاتر سودمه‌ند بین ئه‌و هه‌موو سایته هه‌یه که کاری ئیسلامی بڵاو ده‌کاته‌وه سایتی واهه‌یه به هه‌زاره‌ها ووتارو ده‌رسی تێدایه جگه له‌و هه‌موو کتێب و مه‌قالانه‌ی که به‌رده‌وام داده‌به‌زن.
۷-هه‌وڵدانی زیاتر له ده ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕه‌مه‌زاندا که شه‌وی به فهریشی تێ ده‌که‌ویت (القدر) وه پێغه‌مبه‌ر درودی خوای لێ بێت خۆی گرنگیه‌کی زۆری به‌م ڕۆژانه داوه له‌گه‌ڵ عائیلهکهیدا وه‌ک ده‌فه‌رمووێ (کان اذا دخل العشر الاواخر احی اللیل، وایقظ اهله، وشد المئزر)
پێنج ڕۆژ هه‌ن که دروست نیه ڕۆژوویان تێدا بگیرێت هه‌ردوو جهژنهکهو وه سێ ڕۆژی دوایی جه‌ژنی قوربان، وه ڕۆژووی به گومانیش دروست نیه که به یوم الشک ناسراوه ئه‌وه‌یه که ڕوون نیه ئایه ڕه‌مه‌زانه یان نه، ته‌نها بۆ ئه‌و که‌سانه نه‌بیت که خویان گرتووه به‌ڕۆژووه‌وه وه ئه‌و ڕۆژه‌ش ده‌که‌ویته ئه‌و کاته‌ی که خوی پێوه گیراوه بۆ نمونه که‌سێک عاده‌تی وایه هه‌موو ڕۆژی دووشه‌ممه‌و پێنج شه‌ممه‌یه‌ک به ڕۆژوو بێت وه ڕۆژی یوم الشکیش بکه‌وێته دووشه‌ممه یان پێنج شه‌ممه‌وه، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین که ئه‌و که‌سه‌ی وه‌ک خو ئه‌م ڕۆژه ده‌گرێت نیه‌تی ڕه‌مه‌زانی لێ ناهێنێ.
وه ئه‌وکه‌سانه‌ی که له سه‌فه‌ردان سه‌فه‌رێکی دوور‌و درێژ بۆیان هه‌یه بۆ ڕۆژوو نه‌بن وه کاتێکی تر بیگرنه‌وه، وه‌که‌سێک که نه‌خۆش بێت هه‌روه‌ها، وه‌که‌سێک که زۆر پیر بووه‌و توانی ڕۆژووی نه‌ماوه ده‌توانێت بۆ هه‌ر ڕۆژێک که‌فاره‌ته‌که‌ی ده‌دات، وه ئه‌وکه‌سانه‌ی که دووگیانن وه‌یان شیر ده‌رن ده‌توانن به‌ڕۆژوو نه‌بن له دواتر دا بیگرنه‌وه لێره‌دا جیاوازیه‌ک هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌که له خۆی ترسا له ڕۆژوو شکاندنه‌که‌ی ته‌نها ڕۆژووه‌که ده‌گرێته‌وه وه‌ئه‌گه‌ر له منداڵه‌که‌ی ترسا ئه‌وکاته ڕۆژوو وه‌هه‌م که‌فاره‌تیشی ده‌که‌وێته سه‌ر''
وه ته‌نها ئه‌م فه‌رمووده به‌سه بۆ دڵخۆشمان به گرتنی مانگی ڕه‌مه‌زان و گرتنی شه‌وی قه‌در
(عن النبی صلى الله علیه وسلم قال من قام لیله القدر إیمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه ومن صام رمضان إیمانا واحتسابا غفر له ما تقدم من ذنبه) ئه‌وی شه‌وی قه‌در بکاته‌وه به عیبادهت به ئیمانه‌وه خوای گه‌وره له هه‌موو گوناهه‌کانی ڕابووردووی خۆش ده‌بێت وه‌هه‌روه‌ها تقدم من ذنبه
ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانیش. وه داواکارم له خوای گه‌وره ئه‌م ڕه‌مه‌زانه بکاته مایه‌ی پاک بوونه‌وه‌مان له هه‌موو تاوانه‌کان.ئه‌مه ته‌نها کورته‌یه‌کی زۆر که‌م بوو له‌سه‌ر ڕۆژوو وه ده‌بێت ئه‌وه بزانین بۆ هه‌موو ئه‌و ووتانه‌ی سه‌ره‌وه ئایه‌ت و فه‌رمووده‌ی زۆر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نوسینه‌که کورت بکه‌مه‌وه ئاماژه‌م پێنه‌کردووه، چونکه به‌رده‌وام هاوڕێکانم داوام لێده‌که‌ن با نوسینه‌کانت کورت بێت له‌به‌ر ئه‌وه تاقه‌تیان نیه نوسینی درێژ بخوێننه‌وه. وه ده‌بێت ئه‌وه بزانین که چوارده جۆر ڕۆژوومان هه‌یه هه‌شتیان له قورئاندا باس کراوه وه شه‌شیشیان له سونه‌تدا'' ، ئێمه ته‌نها باسی ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانمان کرد.
ماوه‌ته‌وه بڵێم خوای گه‌وره ته‌مه‌نمان پێ ببه‌خشی تا له خێری ئه‌م ڕهمهزانهشدا به‌شدار بین و وه ئه‌م ڕه‌مه‌زانه ببێته مایه‌ی لێخۆشبوونمان و وه‌لابردنی هه‌موو ئه‌و گرفتانه که داڵده‌ی ووڵاتانی ئیسلامی داوه.
سه رچاوه : یه‌کگرتوو